You Are Here: Home » هـــه‌واڵ » له‌ باسرمه‌ش نه‌وت دۆزرایه‌وه‌

له‌ باسرمه‌ش نه‌وت دۆزرایه‌وه‌

kurdamir-2-rig-site
كوردئویل-باسنیوز
دواى ماوه‌یه‌كى زۆر له‌ گه‌ڕان و كاركردن بۆ دۆزینه‌وه‌ى نه‌وت له‌لایه‌ن دوو كۆمپانیاى بیانى له‌ سنوورى ناحیه‌ى باسرمه‌ى سه‌ر به‌قه‌زاى شه‌قڵاوه‌، هه‌فته‌ى ڕابردوو یه‌كێك له‌ كۆمپانیایه‌ دۆزینه‌وه‌ى نه‌وتى له‌م كێڵگه‌یه‌ به‌فه‌رمى ڕاگه‌یاند و به‌مه‌ش ناوى باسرمه‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر نه‌خشه‌ى جیهانى نه‌وته‌وه‌.
له‌مباره‌یه‌وه‌ سواره‌ ئه‌كره‌م به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ى باسرمه‌ بۆ (باسنیوز) گوتى ’دواى كاركردنى ساڵێك و دوو مانگ له‌لایه‌ن هه‌ردوو كۆمپانیاى (ماراسۆن ئۆیل) ى ئه‌مریكى و (تۆتاڵ) ى فه‌ره‌نسییه‌وه‌ له‌ناوچه‌ى باسرمه‌ توانیان كێڵگه‌یه‌كى نه‌وت له‌ نێوان هه‌ردوو گوندى شێراوه‌ و كونه‌قیرى سه‌ر به‌ناحیه‌ى باسرمه‌ بدۆزنه‌وه‌’.
سواره‌ ئه‌كره‌م گوتیشى ’ئه‌م كێلگه‌ نه‌وته‌ به‌دوورى نزیكه‌ى (2) كیلۆمه‌تر ده‌كه‌وێته‌ باشوورى ڕۆژئاواى ناحیه‌ى باسرمه‌، كه‌ له‌ ئێستادا ته‌نیا یه‌ك بیریان لێداوه‌ و له‌ قۆناغى به‌دواداچووندایه‌ و توانیان نه‌وت بدۆزنه‌وه‌، به‌ڵام له‌ قۆناغى داهاتوو كه‌ به‌پێى گرێبه‌سته‌كه‌یان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتیه‌كان كاریان بریتى ده‌بێت له‌ په‌ره‌پێدان و دواتر ده‌رهێنانى نه‌وت’.
دواى دۆزینه‌وه‌ى نه‌وت له‌م كێڵگه‌یه‌ كارى كۆمپانیاكان كۆتایی پێدێت و ده‌چنه‌ كێڵگه‌یه‌كى تر له‌ گوندى (بابه‌ جیسك) بۆ به‌رده‌وام بوون و گه‌ڕان به‌دواى نه‌وت له‌م ناوچه‌یه‌دا.
سه‌باره‌ت به‌ ڕێژه‌ و جۆر و كوالیتى نه‌وته‌كه‌وه‌، سواره‌ ئه‌كره‌م گوتى ’هیچ زانیارییه‌كمان له‌سه‌رى نیه‌ و ته‌نها كۆمپانیاكه‌ خۆى ده‌زانێت’.
سواره‌ ئه‌كره‌م ئاماژه‌شى بۆ ئه‌وه‌ دا كه‌ به‌پێى ئه‌و گرێبه‌سته‌ى هه‌یانه‌، ده‌بێ هه‌ر ناوچه‌یه‌كى نه‌وتی لێ بدۆزنه‌وه‌ چه‌ند پرۆِژه‌یه‌كى خزمه‌تگوزاریشى لێ ئه‌نجام بده‌ن.
له‌ ئێستاشدا جگه‌ له‌ دروستكردنى شارى یارییه‌كى زۆر گه‌وره‌ له‌سه‌نته‌رى باسرمه‌، (3) شارى یارى بچووكی منداڵانیان له‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌م سێ گونده‌ دروست كردووه‌، هه‌روه‌ها سه‌رجه‌م بیره‌ ئاوه‌كانیشیانیان بۆ نۆژه‌ن كردونه‌ته‌وه‌ و پێداویستیه‌كانیان بۆ دابین كردوون بۆ ئه‌وه‌ى له‌داهاتوودا له‌هه‌ر كاتێك پێویست بوو بكرێنه‌ پڕۆژه‌ و كاریان پێبكرێت.
سه‌باره‌ت به‌ ئه‌نجام گه‌یاندنى ئه‌م پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییانه‌ى كه‌ ده‌بێته‌ ئه‌ركى ئه‌م كۆمپانیایانه‌ كه‌ ده‌بێت له‌ داهاتوودا ئه‌نجامى بده‌ن، به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ى باسرمه‌ گوتى ’ئێمه‌ خۆمان پێشنیارى پڕۆژه‌كان ده‌كه‌ین و كۆمپانیاكانیش ئه‌نجامى ده‌ده‌ن، ئه‌مه‌ش به‌پێى قۆناغى كاركردن له‌ كێڵگه‌ نه‌وته‌كه‌ ده‌گۆڕێت، له‌ ئێستادا و له‌ قۆناغى سه‌ره‌تایی چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كى بچوكمان داوا كردووه‌، به‌ڵام له‌ داهاتوودا دواى په‌ره‌پێدان و به‌رهه‌مهێنانى نه‌وت له‌م كێڵگه‌ نه‌وته‌دا ده‌توانین داواى پڕۆژه‌ى گه‌وره‌تر بكه‌ین’.
جێگه‌ى باسه‌ له‌ ماوه‌ی كاركردنى ئه‌م دوو كۆمپانیایه‌ له‌م ناوچه‌یه‌ هاووڵاتیانیش توانیان سوودمه‌ندبن له‌گه‌ڵیان بۆ كاركردن و كرێكارى وه‌كو شوفێرى و پاسه‌وانى و كارى تر به‌شێوه‌ى گرێبه‌ست بۆ چه‌ند مانگێك له‌گه‌ڵیان ئه‌نجام بده‌ن.
سواره‌ ئه‌كره‌م باسیشى له‌وه‌كرد كه‌ تاكو ئێستا كۆمپانیاى (ماراسۆن ئۆیل) كه‌ كارى تێدا ده‌كرد دۆزینه‌وه‌ى نه‌وتى له‌م كێڵگه‌یه‌ به‌فه‌رمى ڕانه‌گه‌یاندووه‌، به‌ڵام له‌لایه‌ن كۆمپانیاى (تۆتاڵ) ى فه‌ره‌نسى هاو شه‌ریكى به‌فه‌رمى ڕاگه‌یاندراوه‌.



© 2011 Powered By Wordpress, Goodnews Theme By Momizat Team

© 2013 مافی پارێزراوە دەستکاری کراوە لەلایەن arsalanit

Scroll to top